ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو: بەسەرپۆش و باڵا پۆشەكەتان قەڵغانی پاراستنی شوناسی ئیمانی و ئەخلاقی گەلەكەمان بن

15/02/2020 - 11:18 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

 

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

شه‌شه‌مین فیستیڤاڵى تاجى زێڕین له‌ شارى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو ، ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوى گه‌شه‌پێدانى قوتابیانى كوردستان رێكخرابوو ، ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانیش په‌یامێكى پیرۆزبایى ئاراسته‌كرد .

ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاند " بەبۆنەی شەشەمین فیستڤاڵی تاجی زێرین و مەدالیای سەربڵندی و باڵا پۆشینەوە , بە رێز و پێزانینەوە دەستخۆشی و سوپاسی گشت ئەو دەزگا و كەسایەتیانە دەكەم كە بوونە هاوكار و هۆكار بۆ بەرهەمهێنانی ئەم میهرەجانە قەشەنگە " .

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ تایبه‌ته‌ به‌و كچانه‌ى تازه‌ بڕیاریانداوه‌ باڵاپۆش بن و ، ژماره‌ى به‌شداربووانى ئه‌مساڵیش (800) كچ بوون و ، سێ مانگیش بوو كار و ئاماده‌كارى بۆ به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌م فیستسڤاڵه‌ كرابوو .

ئەمە دەقى په‌یامه‌كه‌ى ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان بۆ ئه‌و فیستیڤاڵه‌ : 

بەبۆنەی شەشەمین فیستڤاڵی تاجی زێرین و مەدالیای سەربڵندی و باڵا پۆشینەوە , بە رێز و پێزانینەوە دەستخۆشی و سوپاسی گشت ئەو دەزگا و كەسایەتیانە دەكەم كە بوونە هاوكار و هۆكار بۆ بەرهەمهێنانی ئەم میهرەجانە قەشەنگە ..

بەتایبەت رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان و رێكخراوی بەختەوەری و كەناڵی سپێدە و گشت دەزگا میدیاییەكانی یەكگرتوو و هەروەها ئەو مامۆستا بەرێزانەی بە وشە و وتار یا بە ماڵ و سامان بەشداریان كردووە لەم پرۆژە بایەخدارەدا .

هەروەك بە سۆزەوە پیرۆزبایی لە كیژە شیرین و خاوەن حیشمەت و حورمەت و سەربڵندەكان دەكەم كە بەهرەمەند بوون بەم تاجە زێرینە و هیوادارم هەردەم بەسەرپۆش و باڵا پۆشەكەیان قەڵغانی پاراستنی شوناسی ئیمانی و ئەخلاقی گەلەكەمان بن و ئەو هەوڵە نەزۆكانە پووچەڵ بكەنەوە كە قەدری باڵا پۆشی نازانێ و بەناوی ئازادی یەوە كەسایەتی ئافرەتی كوردستانی لەكەدار دەكات.. هەروەك رەتكردنەوەی ئەو بیرۆكە نامۆیانەیە كە لە بەزیوی و نشوستی خۆیدا تەفسیری هەڵە بۆ ئەم پڕۆژەیە دەكات و بەبێ بایەخ و زیادە سەیری باڵاپۆشی دەكات ..

سەربڵند بن بزاڤی داكۆكی ڕاستەقینە لە مافەكانی ژنان و سەرفرازبن ئەو خوشكە تێكۆشەرانەی بە پابەندی بەرنامەی خوداوە لە خەباتی ژنانەی خۆیان بەردەوام ئەبن ..

جارێكی تر سوپاس بۆ ئەو چالاكییە نەوعیە

هەمیشە لە پێشەنگی و پێشڕەویدابن ..

دڵسۆزتان

صلاح الدین محمد بها‌ءالدین

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان14-2-2020