21 ساڵ به‌سه‌ر پیلانى ده‌ستگیركردنى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان تێده‌په‌ڕێت.. له‌ زیندانیش له‌ خه‌بات به‌رده‌وامه‌

15/02/2020 - 10:25 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

 

21 ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستگیركرانى " عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان "ى رێبه‌ر و پێشه‌واى كوردانى باكور تێده‌په‌ڕێت ، كه‌ له‌ (15) شوبانى ساڵى 1999 به‌ پلان و پیلانێكى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌واڵگرى و سیخورى ده‌ستگیركرا .

له‌ شه‌وى (15)ى شوباتى ساڵى 1999 چه‌ند ئه‌ندامێكى هه‌واڵگرى توركى و به‌ پشتیوانى راسته‌وخۆى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیلى "مۆساد " و هه‌واڵگرى ئه‌مریكا ، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان"ـى سه‌رۆكى پارتى كرێكارانى كوردستانى باكور له‌ (نایڕۆبى ) پایته‌ختى كینیا رفێندرا .

له‌ دواى رفاندنى ئه‌و سه‌ركرده‌ و رێبه‌ره‌ كورده‌ ، راسته‌وخۆ به‌ هاوكارى ده‌سته‌ڵاتدارانى كینیا و باڵوێزى یۆنان له‌ نایڕۆبى ، ئۆجه‌لان بۆ شوێنێكى نادیارى توركیا گواسترایه‌وه‌ ، پاش ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ بوو له‌ نایڕۆبى میوان بوو . 

به‌هۆى فشارى توركیا بۆ سه‌ر سوریا به‌ داگیركردنى خاكه‌كه‌ى ، له‌ كۆتایى ساڵى 1998 عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ئه‌و وڵاته‌ عه‌ڕه‌بییه‌ى جێهێشت ، له‌ پاش ده‌ستگیركرانیشى دادگاییه‌كى رووكه‌شانه‌ى كرا و بڕیارى له‌سێداره‌دانى ده‌رچوو ، به‌ڵام دواى سێ ساڵ ، ئه‌نقه‌ره‌كه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌دا چووه‌ و بڕیارى هه‌تا هه‌تایه‌ به‌ندكردنى به‌سه‌ر ئه‌و رێبه‌ره‌ كورده‌ سه‌پاند .

ئێستاش عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌ به‌ندیخانه‌ى ئیمڕالى له‌ پێناوى خه‌باتى گه‌لى كورد له‌ كوردستانى باكور تێده‌كۆشێت ، ئه‌و گه‌له‌ى ژماره‌یان (40) ملیۆنه‌ و له‌لایه‌ن زلهێزه‌كانى جیهان ، نزیكه‌ى (100) ساڵه‌ به‌سه‌ر چوار وڵاتى ناوچه‌كه‌ (عێراق و ئێران و توركیا و سوریا ) دابه‌شكراوه‌ .

 

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر