وه‌زیرى دارایی: كۆكردنه‌وه‌ى داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان پاك و روونه‌

27/01/2020 - 17:47 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە كاتێكدا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌رده‌وام دژى قاچاخچێتی و قۆرخکاری له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان په‌یام بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام وه‌زیرى دارایی كه‌ له‌ پشكى گۆڕانه‌ سوپاسى به‌رپرسانى گومرك ده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر پاكى و روونى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى داهات.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ دواین په‌یامیدا له‌سه‌ر خاڵه‌ سنورییه‌كان رایگه‌یاندووه‌: خاڵە سنوریەکان بووە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس و کەسێک، ئەم دۆخی گەندەڵیە لەسەرجەم خاڵە سنوریەکاندا ھەیە، ھەریەکە بە شێوازی جیا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: ئەوەی دیومە، لوتکەی فەسادو گەندەڵی، كۆی بەرپرسانی حکومەت لەم دۆسیە مەترسیدارانە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایی كه‌ له‌ پشكى گۆڕانه‌ له‌ رۆژى جیهانى گومرگ، پیرۆزبایی ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رانى گۆمرك ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ رۆژى جیهانى گومركدا جوانترین پیرۆزبایی و سوپاسى خۆمانتان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و ئه‌رك و ماندووبونه‌ دڵسۆزانه‌یه‌تان له‌ ماوه‌ى رابردوودا پێشكه‌شتان كردووه‌.

وه‌زیرى دارایی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌ى له‌ بوارى كۆكردنه‌وه‌ى داهاتدا به‌ شێوه‌یه‌كى پاك و روون به‌دیتان هێناوه‌ جێگه‌ى پێزانینمانه‌.