ئێران ده‌نگۆى ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنى كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌كانى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌

14/08/2020 - 16:54 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

باڵیۆزی ئێران لە کاراکاس-ی پایتەختی ڤەنزوێلا، حوجەت للـە سوڵتانی رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە.

سوڵتانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "درۆیەکە کە بەرهەمی شەڕی دەروونی ئەمریکای ئیمپڕیالیستە. نە کەشتییەکان کەشتی ئێرانن، نە خاوەنی کەشتییەکان و ئاڵای کەشتییەکە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە".

جێی وەبیر هێنانەوەیە دوێنێ ڕۆژنامەی Wall Street Journal هەواڵی ئەوەی بڵاوکردبووەوە: "چوار کەشتی ئێرانی کە نەوتیان گواستۆتەوە بۆ ڤەنزوێلا لە لایەن ئەمریکا-وە دەستیان بەسەردا گیراوە".