عێراق، رێژه‌ى فرۆشتنى نه‌وت و داهاته‌كه‌ى له‌ مانگى تەموز ئاشكرا كرد

02/08/2020 - 11:15 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، قه‌باره‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی وڵاته‌كه‌ له‌ مانگی ته‌مموزی رابردودا زیاتر له‌ 85 ملیۆن به‌رمیل بوه‌، داهاته‌كه‌شی زیاتر له‌ سێ ملیار و 487 ملیۆن دۆلاربوه‌.

عاسم جیهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، قه‌باره‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق له‌ مانگی رابردودا گه‌یشتوه‌ته‌(85 ملیۆن و 660 هه‌زار و 290) به‌رمیل نه‌وت، داهاته‌كه‌شی (سێ ملیار و 487 هه‌زار و 139)هه‌زار دۆلار بوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكراوه‌، كۆی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق گه‌یشتوه‌ته‌ 82 ملیۆن و 700 هه‌زار و 381 به‌رمیل، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكیش دو ملیۆن و 701 هه‌زار و 15 به‌رمیل له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جیهان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراوه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق باسی له‌وه‌شكردوه‌، تێكڕای هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی نه‌وت له‌ مانگی رابردودا دو ملیۆن و 763هه‌زار به‌رمیل بوه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش دو ملیۆن و 668 هه‌زار به‌رمیلی له‌رێگه‌ی به‌نده‌ره‌كانی به‌سڕه‌وه‌ هه‌نارده‌كراوه‌، له‌ به‌نده‌ری جیهانیش رۆژانه‌ 87 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه‌، تێكڕای نرخی نه‌وتیش بۆ هه‌ر به‌رمیلێك 40.708 دۆلار بوه‌.