له‌سه‌ر دابه‌زینى نرخى نه‌وت، سەرۆکی ئەمریکا هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

06/04/2020 - 13:57 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکی ئەمریکا له‌سه‌ر نرخی نه‌وت هۆشداری ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت: ئەگەر نرخی نەوت لە هەمان ئاستی ئێستایدا بمێنێتەوە باجێکی زۆر دەخاتە سەر هاوردەی نەوت بە وڵاتەکەیدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ئەگەر نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا لەهەمان ئاستی ئێستایدا بمێنێتەوە، باجێکی زۆر دەخاتە سەر هاوردەی نەوت.

وتیشى: لەو بڕوایەدا نییە پێویست بکات ئەو کارە ئەنجامبدات، چونکە پێی وایە روسیا و سعودیە بەردەوامی نادەن بە ناکۆکییەکانی نێوانیان لەبارەی نرخی نەوت.

دابەزینی نرخی نەوتی خاو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەستپێکردنی جەنگە لەبارەی نرخی نەوت لە نێوان سعودیە و روسیا، کە دوو گەورە بەرهەمهێنەری رێکخراوی ئۆپێکن و سەرپەرشتی رێکخراوەکەش دەکەن.

ترەمپ هەوڵدەدات لەڕێگەی بەکارهێنانی باج لەسەر هاوردەی نەوت لە وڵاتەکەیدا فشار بخاتە سەر روسیا و سعودیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەیان و کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆیەوە بەکەرتی پشەسازی جیهان گەیشتوە.