سه‌رۆكی فراكسیۆنى یه‌كگرتوو: حكومه‌تى هه‌رێم به‌نیازه‌ له‌سه‌دا 30 ى موچه‌ كه‌مبكاته‌وه‌

31/03/2020 - 15:00 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سه‌رۆكی فراكسیۆنى یه‌كگرتوو رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت ده‌ستكارى ده‌رماڵه‌ ناجێگیره‌كان بكات، به‌وه‌ش له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌دا 30 ى موچه‌ى موچه‌خۆرانى پێ كه‌مبكرێته‌وه‌.

د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ میانه‌ى به‌شداریكردن له‌ هه‌واڵه‌كانى كاتژمێر 11ى شه‌وى كه‌ناڵى سپێده‌ رایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاساى چاكسازى ده‌یه‌وێت ده‌ستكارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئێمه‌ لێى ده‌ترساین و ده‌نگمان بۆ نه‌داو هۆڵى په‌رله‌مان جێهێشت، بڕگه‌یه‌كى یاساكه‌ به‌س له‌وه‌ ده‌كات، رێكخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌كان له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا حكومه‌ت به‌ نیازه‌ ده‌ستكارى ده‌رماڵه‌كان بكات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئێمه‌ ده‌ڵێین پێش ده‌ستكارى كردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ده‌بێت داهاتى نادیارى زیاتر له‌سه‌دا 40 ى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرا بكرێت، هه‌روه‌ها وه‌ڵامى ئه‌و ملیار دۆلاره‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت له‌ بانكێكى لوبنان قه‌تیس بووه‌، ده‌بێت دیوانى چاودێرى دارایی راپۆرتێكى متمانه‌ پێكراو ده‌ربكات له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كانى حكومه‌ت، گه‌نده‌ڵى و به‌هه‌ده‌ردانى گه‌وره‌ ئه‌مه‌، نه‌ك ده‌ست ببرێت بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو وتیشى: ئه‌مه‌ چاكسازى نیه‌ حكومه‌ت كه‌ به‌ نیازه‌ بیكات به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌ گه‌وره‌یه‌، ده‌مێكه‌ ئێمه‌ ئاگادارین، له‌ كابینه‌ى رابردووه‌وه‌ به‌ نیازى ته‌قیتێكى گونجاو بوو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستكارى ده‌رماڵه‌ بكات، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌كه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌و سته‌مه‌ له‌ موچه‌خۆران، چونكه‌ سه‌دا 48 موچه‌ له‌ ده‌رماڵه‌وه‌یه‌، دوو جۆر ده‌رماڵه‌ هه‌یه‌، ده‌رماڵه‌ جێگیر و ناجێگیره‌كان، دیاره‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌ستكارى ده‌رماڵه‌ ناجێگیره‌كان بكه‌ن، به‌وه‌ش له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌دا 30 ى موچه‌ى موچه‌خۆرانى پێ كه‌مبكرێته‌وه‌و ئه‌و بڕه‌ش زۆره‌.

وتیشى: جیاوازى ناكرێت له‌ نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ته‌كانى دنیا، چونكه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ شێوازێكى كارتۆنى حكومڕانى ده‌كات، بۆیه‌ له‌ هه‌ر بارێكى نه‌خوازراودا حكومه‌ت زه‌بر له‌ چینێك ده‌كات كه‌ به‌ چینى چه‌وساوه‌ ناوده‌برێت كه‌ فه‌رمانبه‌رانه‌.

لە كۆتایی قسەكانیدا، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ئه‌وه‌شى وت: له‌ كاتى شه‌ڕى داعش، پاشه‌كه‌وتى موچه‌ هێنرایه‌ ئاراوه‌، ئێستاش به‌ بیانووى كۆرۆناوه‌ دیسان ده‌یه‌وێت زه‌برێكى دیكه‌ له‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بدات، من مانگێك له‌مه‌وبه‌ر هۆشدارییه‌كمدا له‌وه‌ى حكومه‌ت له‌ برى ئه‌وه‌ى داهاته‌ نادیاره‌كان ئاشكرا بكات، ده‌یه‌وێت ده‌ستكارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكات، كه‌ نابێت حكومه‌ت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ گه‌وره‌یه‌ بكات.

ڕەنگاڵە