سنوردارکردنی بەکارھێنانی دژە زیندەکان

19/02/2020 - 14:47 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

چالاك محێدین

کە ئەوترێ ئەنتی بایۆتیکس بەگشتی مەبەست لێی دەرمانی دژە بەکتریاکانە کە بەشێوەی حەپ یان دەرزی یان شروب پێویستە تەنھا بدرێت بەو کەسانەی تووشی ھێرشی بەکتریایی بوون بۆ لەناو بردن و کوشتنی ئەو بەکتریایانە، لە کاتێکدا کە سیستەمی بەرگری لەش و خڕۆکە سپییەکان ناتوانن ئەو ھێرشە تێک بشکێنن و لە ئەنجامدا کەسەکە تووش بەو بەکتریا زیانبەخشە یان مەترسیدارە ئەبێت.

زاراوەیەک ھەیە لە زانستی پزیشکیدا پێی ئەوترێ ئەنتی بایۆتیک ڕێزیستنس، واتا ئەو بەکتریایانە بەرگری پەیدا ئەکەن لە ئاستی ئەو ئەنتی بایۆتیکەی بەکاری ئەھێنێت، کەسەکە وای لێدێت کە بە ھیچ شێوەیەک ھیچ جۆرە ئەنتی بایۆتیکێک ناتوانێت چارەسەری بکات، واتا بەکتریاکان خۆشە ئەبن لەناو ناچن.

بۆچی و چۆن ئەم دیاردە مەترسیدارەی ئەنتیبایۆتیک ڕێزستنس دروست ئەبێت؟

١. ئەگەر کەسێک بە نا شارەزایی و بەبێ ڕەچەتە و ڕێنمایی پزیشکی دلسۆزو لێھاتوو ئەنتی بایۆتیکس بەکاربێنێت
٢.ئەگەر کەسێک بە نیوە چڵی ئەنتی بایۆتیکس بەکاربێنێت و کۆرسەکەی تەواو نەکات
٣.ئەگەر کەسێک لە کاتی خۆیدا و بە ڕێکی بەکاری نەھێنێت
٤.ئەگەر کەسێک تووشی درمی ڤایرۆسی بووبێت و ئەنتی بایۆتیکس بەکار بێنێت، چونکە ئەنتی بایۆتیکس ھیچ کاریگەرییەکی نییە بۆ درمی ڤایرۆسی، لە کاتیکدا زۆربەی درمەکان ڤایرۆسین نەک بەکتریایی

بۆچی ئەنتی بایۆتیک ڕێزیستنس مەترسیدارە؟
وەکو لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەنتی بایۆتیک ڕێزیستنس، واتا مرۆڤێک تووشی درمێکی بەکتریایی ئەبێت و ھیچ دەرمانێکی دژە بەکتریا ناتوانێت ھێرشی بەکتریایی لەباوببات و چارەسەر نابن و چارەنووس و ژیانیان ئەکەوێتە مەترسیوە، بۆ نمونە کەسێک تەنانەت نەشتەرگەرییەکی بچووکیشی بۆ بکرێت پێویستی بە دەرمانی ئەنتی بایۆتیکس ئەبێت بۆ ئەوەی شوێنی برینی نەشتەرگەرییەکە تووشی ھەوکردنی بەکتریایی نەبێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا ئەگەری تووشبوونی زۆرەو چارەسەرکردنی یان زۆر قورسە یان مەحالە و پزیشک تووشی ئاستەنگی ئەبێتەوە و ژیانی تووشبوەکە ئەکەوێتە مەترسیوە.
مندالان و بە تەمەنەکان زیاتر لە مەترسیدان چونکە بەرگری لەشیان لاوازترە بەراورد بە کەسێکی پێگەیشتوو.

بۆ ھەر ٥ تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکیان لەگەڵ جۆرەکانی تری چارەسەر پێویستیان بە بەکارھێنانی جۆرێک لە ئەنتی بایۆتیکسە، ئەگەر ئەو کەسە ڕێزیستنسی ھەبێت ناتوانێت سود لەو ئەنتی بایۆتیکسە وەرگرێت، جۆرەکانی تریی چارەسەری ئەو شێرپەنجەیش ناتوانێت کاری خۆی بکات بە بێ کارایی ئەنتی بایۆتیکسەکە.

ھۆشداری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO)
چەند ساڵێکە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداری ئەدات لەبارەی مەترسییەکانی ئەنتی بایۆتیکس لەسەر چارەنووس و ژیانی تەندروستی دانیشتوانی جیھان، بەھۆی دۆخی مەترسیداری ئەنتیبایۆتیک ڕێزستنس، بەپێی توێژینەوەیەکی درێژ خایەن و زانستی ئەو ڕێکخراوە مەترسییەکە بەشێوەیەکە پێشبینی ئەکرێ لە ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی مردن بەھۆی ئەنتیبایۆتیک ڕێزستنس بگاتە ١٠ ملیۆن لە سالێکدا کە ئەو ژمارەیە زیاترە لەو ژمارەیەی بەھۆی شێرپەنجەوە دەمرن لە ساڵێکدا.
وڵاتە پێش کەوتووەکانی وەکو ئەمریکاو بریتانیا و ئەڵمانیا سەرەڕای پێشکەوتوویی و سیستەمی تەندروستیان بەردەوام پزیشکەکانیان ئەپدەیت ئەکەنەوە تا دڵنیا نەبن کەسێک تووشی نەخۆشی بەکتیری بووە بە ھیچ شێوەیەک نابێت ئەنتیبایۆتیکس بدەن بە نەخۆشەکانیان ، ئەمە لە کاتێکدایە ھاولاتیانی ئەو ولاتانە بە بێ ڕەچەتەی پزیشک ناتوانن لە دەرمانخانەکان دەستیان بکەوێت.

کوردستان لە کوێی ئەو مەترسیدایە؟
بەداخەوە کوردستان وەکو ئەوەی لە جیھانێکی دابڕاو بین، خۆمان بێ ئاگا کردووە لەو مەترسییە، لە کاتێکدا ئەمە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستی پزیشکان بووە کە کاریان لەسەر کەم کردنەوەی ئەم مەترسیە بکردایە، بەڵام بەپێچەوانەوە ھەندێکیان خۆیان ھۆکارن لەوەی ئەگوزەرێ لە کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی بەدواداچوونمان دەرکەوتووە ڕێژەیەک لە پزیشکان ھەن نەک تەنھا ئەنتی بایۆتیکس تەنانەت دەرمانەکانی تریش نادەن بە نەخۆش ئەگەر پێویست نەبێت.
ئەوەی ئەگوزەرێ لە کوردستان بەھۆی ئەو بێ سەروبەرییەو ئەو ئاسان دەستکەوتنەی دەرمان لە دەرمانخانەکان و نەبوونی ڕۆشنبیری تەندروستی ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە تاکەکان تووشی ئەم مەترسییە بوون بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن.

ئەو ھەنگاوانە چین بگیردرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە سنوردار بکرێت ؟

١. پێویستە بکرێت بە یاسا نابێت جگە لە پزیشک ھیچ دەرمانخانەو کۆگایەک ئەنتی بایۆتیکس بدات بە نەخۆش بەبێ ڕەچەتەی پزیشک
٢. پێویستە پزیشکەکان تا دلنیا نەبنەوە لەوەی کەسەکە تووشی بەکتریا بووە بەھیچ شێوەیەک ئەنتی بایۆتیکس نەنووسن بۆ نەخۆش
٣. پێویستە پزیشک و دەرمانخانەکان ئەوە بۆ نەخۆش ڕوون بکەنەوە کە ھەڵامەت و سەرمابوون و ئەنفلۆنزا و زۆربەی لەرزوتای قوڕگ ئێش و ھەوکردنی قصبات و سنگ درمی ڤایرۆسین و ئەنتی بایۆتیکس نەک سوددی نابێت زیانیشی ئەبێت
٤.بەرپرسیارێتی لەسەر پزیشکە کاتێک ئەنتیبایۆتیکس بۆ نەخۆشەکەی دەنووسێت زانیاری تەواو بدات بە نەخۆشەکەی کە نابێت بەبێ تەواوکردنی کۆرسی دەرمانی ئەنتی بایۆتیکس واز لە بەکارھێنانی بێنێت، چونکە سروشتی نەخۆشی خۆمان وایە کە ھەستی بە چاک بوونەوە کرد لە نیوەدا دەست لە چارەسەرەکەی ھەڵئەگرێ کە ئەمە مەترسیدارەو جارێکی تر ئەو بەکتریایە سەرھەڵئەداتەوە و چارەسەری ئاسان نابێت بۆ پزیشک
٥. پێویستە پزیشک ماوە و کاتی بەکارھێنان بۆ نەخۆش ڕوونبکاتەوە
٦. پێویستە تاکەکان ھوشیار بکرێنەوە لەبارەی مەترسییەکانی ئەنتی بایۆتیکس تاکو ڕۆشنبیری تەندروستی بەرز ببێتەوە