کوردو فەڵەستینیەکان وەک یەکن

15/05/2021 - 14:18 نشر في وتار

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کاتی خۆی لەمزگەوت وانەیەکی هەفتانەی تەفسیرم هەبوو بابەت گەیشتە سەر قەزافی و ستەمکاریەکەی لەدژی گەلەکەی خۆی، بۆم باس دەکردن لەماوەی خوێندنی ماستەرەکەم لەلوبنان گەنجێکی لیبی بوو بەهاوڕێم بەداتاو دیکۆمێنت پێشانیدام کە تاوانەکانی قەزافی لەتاوانەکانی سەددام کەمتر نەبوو، پیاوێک لەنێو مزگەوتدا هەڵسایەوەو گوتی مامۆستا قەزافی ستەمکار نەبوو!، گوتم: چۆن دەزانی؟ گوتی: ئەوەنیە لەلێدوانێکدا پشتگیری کورد دەکات! وتم زۆر باشە ئیدی جەنابت نابێ پێت ناخۆش بێت لوبنانی وفەلەستینیەکان پشتگیری سەدامیان کردووە، من لەو لوبنانە بەچاوی خۆم وێنەی سەددامم بەسەر باڵەخانەکانەوە بینیوە، لەشۆفێری تاکسیم بیستووە دەیگوت: سەددام بەس خوا نەبوو! پێی سەیر بوو دەمگوت ئەوەندە کوردەی زیندەچاڵ کردووە! بابە ئەوەی بەعس بۆ ئەوانی کرد لەدوای سەڵاحەدین بە چەندین سەدەیش کورد نەیتوانیوە بۆیان بکات.

تۆ نەدەوڵەتت دەوڵەتە، نەیاسات سەروەرە، نە دەستوورت هەیە، هیچ کەسێک بەمەڕجەعی خۆت نازانی، ئەوەی هەتە بووە بە سیخووڕی وڵاتان، پێم ناڵێی چۆن و بەچ شێوازێک پشتگیریت بکات؟ لەکێ بیکات؟ کام کورد؟ ئەم زۆن یان ئەو زۆن؟ ئەسڵەن لەپێناو ڕزگارکردنی خۆیان کە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ دەنگی بارووت و هاوەن و مووشەک ڕۆژ دەکەنەوە لەسیاسەتدا ئەوپەڕی بێ عەقڵیە مامەڵە لەگەڵ لایەنێکی بێ سنوور و پشت و پەنایەکی یاساییدا بکەن، دەی ئێمەش بین بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری هەمان کار دەکەین، ئەوانیش وەکوو ئێمە گیرۆدەی سەرکردەی نەزان و گەندەڵ و بێ ئەرزشن ئەگین وەکوو گەل هەمیشە دژی ستەم بوون.

بەس پێم بڵێن پشتگیری فەلەستینیەکان بەکورد چی؟ ئاخر داماو ئەوانیش بێ دەسەڵاتن وەکوو ئێمە، دۆزی ئەوان و ئێمە یەک شتە تەنها ئەوەیە ئەوان دەزانن دووژمنەکانیان کێیەو ئێمە کویلەی دووژمنەکانی خۆمانین، خۆ لەسەرووبەندی ڕیفراندۆمدا ئیسرائیل بەئاشکرا گوتی پشتگیری دەوڵەتی کوردی دەکەین کوا دەوڵەتەکەت؟

نەتەوەی کورد یەکسان نیە بەقودس تا بەراوردیان بکەم بەیەکتر، هەروەکوو چۆن قودس تایبەت نیە بە فەڵەستینیەکان تا ماف بەخۆم نەدەم بەرگری لێ بکەم، کەی بەرگری کوێرانەم لەعەرەب کرد ئەوسا پێویستە باس بکرێ ئێمەی کورد ئەولاترین بەباسکردنی ئەو ستەمانەی لێمانکراوە، ئەگەر چی ئێمە لەهەموو کەس لەپێشتر هەست بە تام و چێژی ستەم دەکەین بۆیە یەکەم نەتەوەین لەسەر داگیرکاری و ستەمکاری دێینە وەڵام.

مزگەوتی ئەقسا یەکەمین قیبلەی مسوڵمانانەو پێویستە ئەندامانی زایۆنیزمی داگیرکەر هەریەکەو بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان وئەو ڕێکەوتنەی هێرتزل ڕایگەیاند هەڵبوەشێتەوەو مسوڵمان و یەهودی پێکەوە بژین وەکوو سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی.

ئێمەو فەلەستینیەکان خاڵی هاوبەشمان مسوڵمان بوون و مرۆڤ بوونەو بەهەردووکمان بەرگری لەقیبلەی یەکەممان دەکەین، و دژی ستەمکار دەوەستینەوە، تۆیەک لەبەر دۆڕانی بەرشلۆنە 3 ڕۆژ بێ تاقەت بیت چۆن من بەو هەموو داگیرکاری و کاولکاریەی داگیرکەر ئەنجامیان دەدات نایەمە دەنگ.؟