هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق و بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوونەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بە جینۆساید دادەنرێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی مەدەنی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، ئۆزرا زیا.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لە پەرۆشی عێراق بۆ بەھێزکردنی سیستەمی دیموکراسی دووپات کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق پابەندە بە بنەما دەستوورەکەی کە باس لە فرەیی و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری گواستنەوە دوای گۆڕینی سیستەم دەکات لەگەڵ دادپەروەری بۆ ئەو پێکھاتانەی کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و ھێرشی تیرۆریستی بوونەتەوە.

باسی لەوەشکردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی کەرتی غەززە کراوە و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات پێشتر ڕووی نەداوە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بە جینۆساید دادەنرێت و ڕاشیگەیاندووە کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، زۆربەی قوربانییەکانی شەڕی غەززە ژن و منداڵن، ھەروەھا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕەی کە خەڵکی فەڵەستینی ڕووبەڕووی بووەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی مەدەنی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، ئۆزرا زیا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکە کردووە و ڕایگەیاندووە کە عێراق خاوەن سیستەمێکی دیموکراسییە و گوتوویەتی: "عێراق پێشکەوتنی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بەدەست ھێناوە، ھەروەھا دیاردەی بازرگانییکردن بە مرۆڤەوە لە عێراق کەمبووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئۆزرا زیا ستایشی ڕۆڵی عێراقی کردووە لە پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکە، جگە لەوەش ستایشی دەستکەوتەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵا بۆ گەنجان و ئەنجوومەنی ژنان.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
145,450 دینار
100 یۆرۆ
171.000 دینار
100 پاوه‌ند
195.500 دینار
100 لیره‌
6.000 دینار
100 تمه‌ن
3.250 دینار