ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالستی هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و ناوچەکانی میکۆلایڤ، ئۆدیسا و چەرکاسی.
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکرانیا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ شەو ڕووسیا بە دوو مووشەکی بالستی "ئیسکەندەر-M" و ١٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهید" هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئۆکرانیا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەلایەن هێزەکانی ئاسمانییەوە ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکانی کیێڤ، میکۆلایڤ، ئۆدیسا و چەرکاسی خراونەتە خوارەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی شاری کیێڤ، سێرگی پۆپکۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمانگەکە بڵاویکردەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەی کورسکی ڕووسیاوە ڕەوانەی کیێڤ کراون و ڕایگەیاند: "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە ناوچەکانی سومی و چەرکاسی تێپەڕبوون و لە باشووری ڕۆژئاواوە چوونەتە کیێڤەوە. لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە تەواوی ئامانجەکانی دوژمن لەناوبرا".
پۆپکۆ ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانیی و ماددەی نەکەوتووەتەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی لە ناوچەی ئۆدیسا، ئۆلیگ کیپەر لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆدیسا چەند خانوویەک زیانیان بەرکەوتووە و حەوت کەسیش کە دووانیان منداڵبوون برینداربوون.