یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ڕایگهیاند: بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردەکان کە ناتوانن بە هۆکاری بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە لە ئێستادا گەشتی هەرێمی کوردستان و جامی کۆنیفای 2024 دوا دەخرێت.
له ڕاگهیهندراوێكدا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ چوارشەممە 17 \ 4 \ 2024 بە ئامادەبوونی بەڕێز سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی کوردستان و بەڕێزان تاڕق عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و سیروان نەجمەدین سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گشتی بە شێوەی ئۆنڵاین لەگەڵ سەرۆکی کۆنیفا و نوێنەری سەرجەم هەڵبژاردە بەشداربووەکانی جامی کۆنیفا بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکان و ئامادەکاریەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ میوانداریکردنی جامی کۆنیفای 2024.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وەک رێکخەری پاڵەوانیەتیەکە ئامادەیی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانیەتیەکە.
ئاماژهیان بهوهشكرد، بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردەکان کە ناتوانن بە هۆکاری بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە لە ئێستادا گەشتی هەرێمی کوردستان بکەن لە کۆتایی ئەم مانگە بڕیاری کۆتایی لە سەر بەڕێوەچوونی جامی کۆنیفا لە هەرێمی کوردستان لەم هاوینەدا دەدرێت یاخود دوا دەخرێت بۆ کاتێکی تر.
هەڵبژاردەی کوردستان هاوینی داهاتوو بەشداریی جامی کۆنیفا دەکات كە بڕیارە 16 هەڵبژاردە بەشداری بكەن کە لە رۆژی 25ـی حوزەیران تاوەکو رۆژی 6ـی تەممووز لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
هەڵبژاردەی کوردستان لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی تامیل ئیلام و کێرنۆو و کەشمیر یاریی دەکات.