ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا بۆ سەر باندێكی نێودەوڵەتی قاچاخچێتی مرۆڤ لە هەشت ویلایەتی ئەڵمانیا دە گومانلێكراویان دەستگیركرد.
بەگوێرەی سایتی (دی دەبڵیو)ی ئەڵمانی، هەزار ئەندامی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و بەرپرسانی فەرمانگەی داواكاری گشتی بەشداریان لە هەڵمەتەكەدا كردووە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فیدراڵی لە شاری سانكت ئۆگستین لە نزیك شاری بۆن ڕایگەیاند، بە گشتی 101 ماڵ و فەرمانگە پشكنینیان بۆ كراوە، لەنێویاندا دوو نووسینگەی پارێزەران بووە.
دەسەڵاتداران گومانیان هەیە كە باندەكە سوودیان لە یاسا ناوازەكان وەرگرتبێت بۆ كرێكارە بیانییە لێهاتووەكان، و مۆڵەتی مانەوەیان بۆ نزیكەی 350 بیانی وەرگرتووە - كە زۆربەیان ڕەگەزنامەی چینیان هەیە - لە بەرامبەر بڕە پارەیەك كە بە دەیان و سەدان هەزار یۆرۆ مەزەندە دەكرێت.
ئەو هەڵمەتانە لە ویلایەتەكانی باكووری ڕاین- وێستفالیا، شلێسویگ-هۆڵشتاین، هامبۆرگ، بەرلین، هێس، ڕاینلاند-پالاتینات، بادن-ڤورتێمبێرگ و باڤاریا ئەنجامدراون.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، نانسی وایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، سەركەوتنی سەرەتایی لە كەمكردنەوەی كۆچی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا بەدەست هاتووە.
ئەو وەزیرە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەكانی گروپی میدیایی “فونكە”ی ئەڵمانی ڕایگەیاند: لە ئێستادا داواكاری پەنابەری یەك لەسەر پێنج كەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو وەك بەشێك لە چاودێریكردنی سنوورەكانمان لە ساڵی ڕابردووەوە 708 قاچاخچیمان دەستگیركردووە لەوەتەی مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە و ڕێگریشمان لە 17 هەزار و 600 حاڵەتی چوونە ژوورەوەی بێ مۆڵەت كردووە.