وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئامانج لە وەڵامە سەربازییەکەیان بۆ ئیسرائیل، بەریگرییکردن بوو لە خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی ئێران، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: "ھەنگاوەکەمان دژبە ئیسرائیل، بەرگرییکردن بوو لە خۆمان، ئەوەش لە وەڵامی دەستدریژییەکانی قەوارەی داگیرکار (ئیسرائیل) بوو".
گوتیشی: "نامانەوێت گرژی زیاتر لە ناوچەکەدا ھەبێت و ھەنگاوەکەمان پێویست و گونجاو بوو بۆ ھەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی قەوارەی زایۆنی و ڕۆژئاوا".
شەوی ١٣ی ئەم مانگە، ئێران بە ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بیفڕۆکەوان، ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر باڵەخانەی کۆنسولخانەی ئێران لە دیمەشق پایتەختی سووریا و لە ئاکامدا، جەنەڕاڵێکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی محەمەد ڕەزا زاھیدی و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران کوژران.